رێنێسانس نیوز 2010.03.09 - 22:05 له چاورچێوه‌ی کارهاسانیکردن بۆ کۆمپانیا ئه‌مریکییه‌کاندا، وه‌زاره‌تی دارایی ئه‌مریکا رایده‌گه‌یه‌نێ که گه‌مارۆی دانوستانی ئابووریی سه‌ر ئێران، کووبا و سوودان "نه‌رمتر" ده‌کرێت له پێشوو. دوای ئه‌و بڕیاره‌ی وه‌زاره‌ته‌که، کۆمپانیا ئینته‌رنێتییه‌کانی ئه‌مریکا ده‌توانن خزمه‌تگوزارییه‌کانیان له بواری پێوه‌ندی (کۆمۆنیکاسیۆن)دا به کۆماری ئیسلامی بفرۆشن. به گوێره‌ی لێدوانێکی چاپه‌مه‌نیی وه‌زاره‌تی دارایی ئه‌مریکا، که نموونه‌یه‌که‌ی دراوه به ئاژانسی هه‌واڵی ئاسۆشییه‌تێد پرێس، کۆمپانیا ئه‌مریکییه‌کان بۆیان هه‌یه دانوستان له گه‌ڵ ئێران بکه‌ن له بواری خزمه‌تگوزارییه‌کانی "چات، ئی مایل، تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان" و دیکه‌ی بواره پێوه‌ندیداره‌کانی خزمه‌تگوزاریی ئینته‌رنێتیدا، به مه‌رجێک ئه‌و خزمه‌تگوزارییانه به خۆڕایی بن بۆ هاووڵاتیان. هیلاری کلینتۆن، وه‌زیری کاروباری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکا، مانگی رابردوو رایگه‌یاندبوو که وه‌زاره‌ته‌که‌ی هێندێک ده‌ستپێشخه‌ریی نوێ ده‌ست پێده‌کات، له‌پێناو به‌ربه‌ره‌کانیکردن له‌گه‌ڵ سانسۆری ئینته‌رنێتیدا. وته‌بێژێکی وه‌زاره‌تی دارایی ئه‌مریکا رایده‌گه‌یه‌نێ که "وه‌زاره‌ته‌که‌مان "به هاوئاهه‌نگیی له‌گه‌ڵ ڕێوشوێنه‌کانی کابینه‌ی ئۆباما له تێکۆشانی‌دا بۆ مافی خۆئیفاده‌کردنی شارۆمه‌ندانی وڵاتانی ئێران، کووبا و سوودان، ئه‌و رێوشوێنه نوێیه ڕه‌چاو ده‌کات." ژماره‌یه‌ک رێکخراوی پارێزه‌ره‌ی مافی مرۆڤ، به ئه‌رێنی له‌و بڕیاره‌ی ئه‌مریکا ده‌ڕوانن و وه‌ک "هه‌نگاوێک به‌ره‌و پێشه‌وه" چاوی لێ ده‌که‌ن، له تێکۆشانی نێونه‌ته‌وه‌ییدا بۆ ئازادیی خۆئیفاده‌کردن. ـ ئه‌وه قه‌ڵه‌مبازێکه به‌ره‌و گه‌یشتن به جیهانێکی یه‌کگرتوو، که مافی ئازادیی خۆئیفاده‌کردن و ده‌ستڕاگه‌یشتن به زانیاریی هاووڵاتیان هاسانتر ده‌کاته‌وه، وته‌بێژی "سه‌نته‌ری دێموکراسی و تێکنۆلۆژیا" له ئه‌مریکا ئاوای گوت. |