دیاره ئه‌وه جاری یه‌كه‌م نییه كه كورد ده‌كه‌وێته به‌ر ته‌وژمی پۆلیسی ولاته جۆراجۆره‌كانی ئوروپایی، به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌هه‌ڵه نه‌چووبم شتێكی نوێیه كه به ئه‌مر و ده‌ستووری یه‌كیه‌تی ئورووپا گرتنی ڕۆڵه‌كانی كورد و هێرش بۆ سه‌ر ته‌له‌ویزیۆنی كورد "ڕۆژ تی ڤی" و سووكایه‌تیكردن ته‌نانه‌ت به ڕۆژنامه‌وانانی كورد ڕوو ده‌دا۔ له‌م بواره‌دا نه‌ك هه‌ر ئۆپۆزیسیۆنی كوردی دژ به توركیه ده‌گرێته‌وه، به‌ڵكوو به‌گژ كوردی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستانیشدا دێن و پۆلیسی ئالمان له‌سه‌ر داوای یه‌كیه‌تی ئورووپا ده‌ڕژێته ماڵی تێكۆشه‌ری كورد كاك ڕه‌حمانی حاجی ئه‌حمه‌دی که ماوه‌ی سێ ڕۆژ له گرتووخانه‌دا بوو. له‌و باره‌وه‌پێویسته ئاماژه به چه‌ند خاڵ بكه‌ین: باری حقوقی مه‌سه‌له‌كه پارتی كرێكارانی كوردستان زۆر به ناحه‌ق، له‌سه‌ر داوای توركیه و زه‌ختی وڵاته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا له‌لا یه‌ن یه‌كیه‌تی ئوروپاوه كه‌ۆتۆته سه‌ر لیستی "تیرۆریستی"، به‌ڵام ماوه‌ی زیاتر له ساڵێكه له‌لایه‌ن دادگای عه‌داڵه‌تی ئوروپاوه حوكمی نادروستبوونی ئه‌و حوكمه ده‌ر چووه۔ ادگای عه‌داڵه‌تی ئورووپایی كه له لوكزامبورگ ـه، له‌پاش لێكۆلێنه‌وه‌یه‌كی دور و درێژ، به له‌به‌رچاوگرتنی گشت ده‌لیل و ئیستیدلال و ناوه‌رۆكی په‌روه‌نده‌ی پێویست، ده‌نگیان داوه كه له بڕیاری یه‌كیه‌تی ئوروپادا ، به‌ڵگه‌كان كافی نین بۆ ساغبوونه‌وه له‌سه‌ر ئه‌وه كه پارتی كرێكارانی كوردستان ریكخراوێكی تیرۆریستی یه۔ فارس ده‌ڵین هه‌ر شتیک گه‌نده‌ڵ ده‌بێت خوێی لێ ده‌ده‌ن، ئای له‌و كاته كه خوێ بۆ خۆی چه‌په‌ڵ ببێت۔ یه‌كیه‌تی ئورووپا كه پێكهاتووه له ولاتانی پڕ له شارستانییه‌ت و فه‌رهه‌نگی پێشكه‌وتوو، له‌لایه‌ك به‌بێ له‌به‌رچاوگرتنی سه‌ربه‌خۆیی بۆخۆی له بریاردان، ده‌چێته ژیر زه‌ختی ئه‌مریكا و وه‌ك "تووتی" وته‌كانی ئه‌وان و توركیه دووپات ده‌كاته‌وه، له لایه‌كی دیكه ته‌نانه‌ت حوكمی دادگای خۆشی كه بریاره‌كه وه‌درۆ ده‌خاته‌وه، له‌به‌رچاو ناگرێ و ئه‌وه‌ش بێحورمه‌تییه به دادگاکه‌ی خۆی، به دادوه‌ره‌كان و حوكمه‌كه‌یان، مانای ئه‌وه‌یه كه ئه‌وه‌نده كز و عاجزه به‌رامبه‌ر به ئه‌مریكا، كه ناتوانی ئۆرگانه حقوقییه‌كانی خۆشی به ڕه‌سمییه‌ت بناسێ۔ به‌و شێوه‌یه ده‌رده‌كه‌وێ كه نه‌زه‌ری یه‌كیه‌تی ئوروپا سیاسییه، غه‌یری دێموكراتییه، دووره له پره‌نسیپه‌كانی مافی مرۆڤ و ڕاگه‌یاندراوه‌كانی جیهانی مه‌ده‌نی و سیاسی۔ باسكردن له پارتی ژیانی ئازادی كوردستان و ده‌ستبه‌سه‌ركردنی سه‌رۆكی ئه‌و پارته له‌لایه‌ن پۆلیسی ئاڵمان و له‌سه‌ر داوای یه‌كیه‌تی ئو‌وروپا، زیاتر تووشی سه‌رسوڕماویمان ده‌كا۔ راسته كه وه‌زاره‌تی دارایی وڵاته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا، وه‌ك چراسه‌وزێك بۆ كۆماری ئیسلامیی ئێران به‌ر له كۆنفرانسه‌كه‌ی ژێنێڤ، پارتی ژیانی ئازادی كوردستانیان به‌پێچه‌وانه‌ی هه‌موو پره‌نسیپه‌كانی حقووقی ناوخۆیی و ناونه‌ته‌وه‌یی خسته سه‌ر لیسته‌وه، به‌ڵام هه‌تا ئێستاش نه ده‌وڵه‌تی ئه‌مریكا به‌گشتی و نه یه‌كیه‌تیی ئوروپا، هیجیان حوكمی ئه‌وتۆیان ده‌رنه‌كردووه۔ دیار نییه بۆچی و به چ ده‌لیل و هۆیه‌ك به‌ڕێوه‌به‌رانی كۆمیسیۆنی ئورووپا بریاری گرتنی سه‌رۆكی پارتی ژیانی ئازادی كوردستانیان داوه، ئه‌و بڕیاره به ته‌وای سیاسی و غه‌یره دێموكراتییه، بنه‌ما حقووقییه‌كه‌ی به‌تاڵ و حه‌تاڵه، له داهاتوودا هه‌ر چه‌شنه بریارێكی به رواڵه‌ت "حقوقی" ده‌ر بكه‌ن، به‌پێی پره‌نسیپی ناونه‌ته‌وه‌یی، ناتوانێ زاڵ بێ به‌سه‌ر ڕابردوودا۔ كه‌وابوو گرتن و ڕاگرتنی تێكۆشه‌رانی كورد له چه‌ند ڕۆژی ڕابردوودا، هیچ بنه‌مایه‌کی حقوقی نییه، ئه‌وه به‌تایبه‌ت له‌سه‌ر کاك حاجی ئه‌حمه‌دی سه‌رنجڕاكێشه۔ پژاك هیچ حوكمێكی ئوروپایی له‌سه‌ر نییه، پ ك ك ـش حوكمه جه‌وته نادروسته‌كه‌ی له‌سه‌ر هه‌ڵگیراوه۔ له‌كۆتاییدا ئه‌شێ ئه‌وه‌مان له‌بیر نه‌چێته‌وه كه ئه‌و بنكانه‌ی كه كه‌وتوونه‌ته به‌ر په‌لاماری چه‌ند ده‌وڵه‌تی ئورووپایی، به‌گشتی له چوارچێوه‌ی قانوونی وڵاته‌كاندا دامه‌زراون و چالاكی به‌كار دێنن۔ ئاستی سیاسی یه‌كیه‌تیی ئورووپا به‌و كرده‌وانه به‌رامبه‌ر به نوێنه‌رانی گه‌لی كورد، دژایه‌تی ده‌كا له‌گه‌ل نه‌ته‌وه‌یه‌ك كه بۆ وه‌ده‌ستهێنانی مافه‌كانی سه‌ره‌تایی خۆی له‌به‌رامبه‌ر دوو ڕیژیمی دڕنده و هاری وه‌ك توركیه و كۆماری ئیسلامی ئێران خه‌بات و چالاكی ده‌كه‌ن۔ كورده‌كانی دانیشتووی ئورووپا به‌گشتی به‌شێوه‌ی ئارام و دێموكراتیك خه‌ریكی له‌قاودانی له‌ژێر پێنانی مافه‌كانی نه‌ته‌وه‌ی كوردن كه دایم له‌لایه‌ن ئه‌و دوو حكوومه‌تانه‌و ه دێته دی۔ یه‌كیه‌تی ئورووپا به‌و شێوه هه‌ڵوێستانه، له دیكتاتۆری و زوڵم و زۆریی نه‌ته‌وه‌یی دوو حكوومه‌تی ناوبراو پشتیوانی ده‌كا، بۆ داواكانیان و زۆرداری و بێعارییه‌كانیان ملكه‌ج ده‌كا۔ توركیه و ئێران ده‌وڵه‌تی تیرۆریستین، هه‌ر ئێستاش چوارهه‌زار گوند له باكووری كوردستان كاول كراوه و گوندنشینه‌كان ژیانی فره ناخۆش و ناله‌بار له شاره‌كانی تورك تێپه‌ڕ ده‌كه‌ن۔ هه‌ر ئێستا نزیك ٢٠ كه‌س له ڕۆڵه‌كانی كورد له ئێران حوكمی ئێعدام‌یان بۆ ده‌رچووه و چاوه‌ڕوانی به‌ڕێوه‌بردنی حوكمه‌كه‌ن۔ گه‌لۆ یه‌كیه‌تیی ئو‌وروپا كه بێشكه‌ی ئازادی و دێموكراسییه، چ هه‌نگاوێكی به‌كار و به‌كه‌ڵكی بۆ ناڕه‌زایه‌تیی به‌رامبه‌ر به‌و سیاسه‌تانه‌ی ئه‌و دوو ده‌وڵه‌ته هه‌ڵێناوه‌ته‌وه؟ هه‌ڵوێستی ئێستای ئه‌مریكا و یه‌كیه‌تیی ئورووپا به‌ته‌وای دژ به به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی نه‌ته‌وه‌ی كورده۔ سه‌باره‌ت به قه‌ده‌غه‌كردنی (د ت پ)، واته رێكخراوێكی سیاسی - مه‌ده‌نی له چوارچێوه‌ی قانوونی توركیه‌دا، به‌بوونی ٢١ نوێنه‌ری هه‌ڵبژێردراوی خه‌ڵكی كوردستان، بێده‌نگ ده‌مێننه‌وه، لێره بۆیان گرینگ نییه كه حیزبێكی قانوونی كه چه‌ند شاره‌وانیی هه‌یه و له پارلمان‌دا به‌شدارن، به سووك و هاسانی ده‌كه‌ونه به‌ر قه‌ده‌غه‌كردن. له‌ڕاستیدا به‌و شێوه هه‌ڵوێستگرتنه، یه‌كیه‌تیی ئورووپا ده‌كه‌وێته به‌ره‌ی ریژیمی تورك و ئێران و لایه‌نی زوڵم و زۆر۔ مخابن ئه‌وڕۆ خوێیه‌كه بۆخۆی گه‌نده‌ڵ بووه۔ من وه‌ك كوردێك و ئینسانێك، به‌توندی ئه‌و جۆره هه‌ڵوێست و كرده‌وانه‌ی كۆمیسیۆنی ئورووپا و ولاته‌كانی ئیتالیا، فه‌رانسه، بلژیك و ئاڵمان ره‌د ده‌كه‌مه‌وه و شه‌رمه‌زاریان ده‌كه‌م۔ *** لێره‌دا به‌پێویستی ده‌زانم چه‌ند وشه‌یه‌كیش له‌گه‌ڵ هه‌ندێك له رێكخراوه سیاسییه كورده‌كانی رۆژهه‌ڵات و هه‌ندێك كه‌سایه‌تیی و نووسه‌ری گۆڤار و وتار له‌سه‌ر سایته جۆراجۆره كوردییه‌كان بدوێم. ڕاگه‌یاندن و گو تنی هه‌ندێك بابه‌ت له لایه‌ن به‌رپرسانی سیاسیی كورد له ساڵانی ڕابردوودا، وه‌ك ئه‌وه پارتی ژیانی ئازادی كوردستان "ده‌ستكرد" و "به‌ستراوه" به پارتی كرێكارانی كوردستانه، فره نامه‌سئوولانه و ناژیرانه بوو، به پێویستی نازانم لێره‌دا زۆر له‌سه‌ری بڕۆم، به‌ڵام ئاكامی ئه‌م چه‌شنه وتووێژانه ده‌ركه‌وتووه۔ له لایه‌كی تره‌وه، ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر له‌پاش وتووێژێكی به‌ڕیز كاك ره‌حمانی حاجی ئه‌حمه‌دی، ئه‌و براده‌ره كه‌وته به‌ر ته‌وس و پلاری ئه‌م و ئه‌و، خۆ ماشه‌للا ئه‌وه‌نده‌ش نووسه‌ر و ده‌ست به‌قه‌ڵه‌ممان لێ په‌یدا بووه كه هیچ كه‌م و كه‌سری ناهێنین۔ من ناچمه سه‌ر ناوه‌رۆكی وتووێژه‌كه‌ی كاك حاجی، به‌ڵام پێم خۆشه ئه‌وه‌نده وه‌بیر هه‌ندێك له‌و براده‌ره ده‌ست به‌قه‌ڵه‌مانه‌مان بێنمه‌وه كه خه‌ڵكی ئورووپا وه‌ختێك باس له كه‌سێك ده‌كه‌ن، گه‌لێك به له‌سه‌ره‌خۆیی و هێدی و هێمنی ده‌دوێن، به‌خۆیان رێگه ناده‌ن شه‌خسییه‌ت و ناوه‌رۆك و لێوه‌شاوه‌یی ـ یان لێ نه‌هاتوویی ـ ئه‌و كه‌سه شی بكه‌نه‌وه و داوه‌ریی له‌سه‌ر بكه‌ن، به‌ڵا م ئێمه‌ی كورد كه تازه پێمان ناوه‌ته ناو عه‌رزی سیاسه‌ت و نووسین و خؤێندنه‌وه، خۆڕاگریمان نییه، هه‌ر چی به‌سه‌ر زارماندا هات ده‌یلێین و ئه‌ینووسین۔ یاخوا نووسه‌ر و ده‌ست به‌قه‌ڵه‌ممان هه‌ر زۆر بێ به‌ڵام پێویسته لایه‌نی نه‌زاكه‌ت و مه‌تانه‌تمان له‌بیر نه‌چێته‌وه۔ به‌ڕیز كاك ڕه‌حمانی حاجی ئه‌حمه‌دی ماوه‌ی زیاتر له چل ساڵه له ئورووپا ده‌ژی و هه‌تا ئه‌و جێگایه كه من ئاگام لێیه، هیچ كاتێك له خزمه‌ت به خه‌بات بۆ نه‌ته‌وه‌ی كورد غافڵ نه‌بووه‌۔ ئه‌ورۆكه كه‌وتۆته به‌ر په‌لاماری ناراسته‌وخۆی ده‌وڵه‌تانی تورك و ئێران، كاك حاجی هیچ تاوانێكی نییه‌غه‌یری كوردبوون و هه‌وڵی بێ‌وچان بۆ كوردایه‌تی۔ |