چونکو نه کاری پسپۆری من له‌م بواره دایه و نه فرسه‌تی زه‌مانیی کافیشم بۆ رامانێکی جددی له‌مه‌ر ئه‌م بابه‌ته پێدراوه. هه‌ربۆیه‌ش سه‌رشاری باسه‌که‌م، به‌ر له‌وه‌ی تێڕوانینێکی ڕووتی ئاکادیمیکی بێت، رامانێکی سیاسییه. پرسیاره‌که‌ی من ئه‌وه‌یه که "داخوا ئێمه له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان خاوه‌نی جووڵانه‌وه‌یه‌کی ژنان هه‌ین یان نا؟" ئه‌گه‌ر وه‌ڵامی ئێمه به‌م پرسیاره ئه‌رێنی بێت، ئه‌وسا ده‌بێ بپرسین که کاراکته‌ر و تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی ئه‌م جووڵانه‌وه‌یه چین؛ ئه‌گه‌ریش وه‌ڵامی ئێمه نه‌رێنی و نا بێت، ئه‌وسا ده‌بێ له هۆکار یان هۆکاره‌کانی نه‌بوونی ئه‌م جووڵانه‌وه‌یه بپرسین و پێناسه‌یان بکه‌ین. کاتێ ده‌پرسم ئایا دیارده‌یه‌کمان به ناوی جووڵانه‌وه‌ی ژنان له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان هه‌یه، جه‌ختم له‌سه‌ر چه‌مکی "جووڵانه‌وه‌یه". هه‌ر بۆیه‌ش پێموایه بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ر له سه‌ره‌تاوه خۆمان له هه‌ندێ هه‌ڵه‌تێگه‌یشتن بپارێزین، باشتره به پێناسه‌کردنێکی چه‌مکیانه‌ی "جووڵانه‌وه" باسه‌که ده‌ست پێبکه‌م. چونکو من پێموایه ده‌بێ لێره جیاوازییه‌ک له نێوان چه‌مکی "جووڵانه‌وه" (به‌مانای Movement) له ئاستێکی تیۆریک له‌گه‌ڵ جووڵانه‌وه له گوتاری رۆژانه‌دا که زیاتر به مانای چالاکی و جموجۆڵ (Activity) دێت دابنێین ("جووڵانه‌وه" (movement) هه‌م وه‌ک چه‌مکێک به‌ته‌نیا به‌کار دێت و هه‌میش وه‌ک "جووڵانه‌وه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی" (social movement). من لێره هه‌ر وه‌ک که‌سانی دیکه، ئه‌م دووانه هه‌ر به یه‌ک واتا به‌کار دێنم). له بواری کۆمه‌ڵناسیدا باسێکی زۆر سه‌باره‌ت به پێناسه و تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی جووڵانه‌وه هه‌یه و له‌م بواره‌دا یه‌کده‌نگییه‌کی ته‌واو نییه، بۆیه من به‌بێ ئه‌وه‌ی بچمه ناو جیاوازییه‌کان، هه‌ول ده‌ده‌م وێنه‌یه‌کی گشتگر له‌م چه‌مکه به گوێره‌ی کۆده‌نگییه‌کان ئاراسته بکه‌م. مه‌به‌ست له جووڵانه‌وه، ئیراده و کردێکی کۆیی‌یه به مه‌به‌ستی گۆڕانکاری له بوارێکی تایبه‌ت و له‌سه‌ر بنه‌مای هه‌ندێ خاڵی هاوبه‌ش. ئه‌م ئیراده و کرده کۆیی‌یه، سه‌ره‌ڕای پێکهاته‌یه‌کی تاراده‌یه‌ک چه‌سپاو، له ویست و خولیای جیاواز و به به‌شداری توێژ و که‌سانی جیاواز پێکدێت. هه‌ر بۆیه‌ش له‌سه‌ره‌تاوه خاوه‌نی پێناسه‌یه‌کی ئاماده نییه و، ئه‌م پێناسه‌یه به‌رهه‌می ره‌وتێکه که له فۆرمگیری جووڵانه‌وه‌که‌دا ساز ده‌بێت. واته پێناسه‌ی جووڵانه‌وه‌یه‌ک له هاوکردی (interaction) نێوان پێناسه جیاوازه‌کانی پێکهێنه‌ران و به‌شدارانی جووڵانه‌وه‌که و هه‌ولی تێکرایی و کۆیی ئه‌واندا ساز ده‌بێت. هه‌ر به‌م هۆیه‌شه‌وه، ئه‌م پێناسه‌یه هیچکات، پێناسه‌یه‌کی نه‌گۆڕ و قه‌تیسماو نییه. دیاره هۆکارێکی سه‌ره‌کی نه‌بوونی پێناسه‌یه‌کی ئاماده ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ جیاوازی بنه‌ما کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی به‌شدارانی ئه‌م جووڵانه‌وه‌یه که پێکهاته‌یه‌که له توێژ و چینی جیاواز، به ویست و داواکاری و به‌رژه‌وه‌ندی جیاواز. له ئاستی ساختاری رێکخراوه‌یی، جووڵانه‌وه فۆرمێکی تۆڕه‌کیی، خۆگونجاو (flexible) و زۆر جاران ناهیراشیانه هه‌یه. ئه‌م فۆرمه هه‌م له بواری راپه‌ڕاندنی کار و ئه‌رکه‌کان و هه‌میش، له فره‌جۆری و سروشتی جیاوازی به‌شدارانی ئه‌م جووڵانه‌وه‌یه‌دا ده‌رده‌که‌وێت. مه‌به‌ستی تا راده‌یه‌ک به‌زاندنی هه‌ندێ سنووری کۆمه‌ڵگایه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م سنوورپه‌ڕاندنه بببێته هۆی گۆڕانێک له نۆرمه‌کاندا. هه‌ر به‌م پێیه‌ش زۆربه‌ی توێژێنه‌ران پێیان وایه جووڵانه‌وه‌یه‌کی به‌نه‌هادینه‌بوو، ئیتر خاسله‌تی "جووڵانه‌وه"بوونی خۆی ده‌دۆڕێنێ.[1] جووڵانه‌وه بریتییه له کرده‌وه‌یه‌کی کۆییی رێکخراو. به پێناسه‌یه‌کی هێترۆژێن، به‌ڵام تا راده‌یه‌ک چه‌سپاو و، به هه‌ندێ تێڕوانینی هاوبه‌ش له کۆمه‌ڵگا، هه‌ندێ هێڵی فکری، ویست و داخوازی هاوبه‌ش. هاوکات جووڵانه‌وه‌یه‌ک له لایه‌که‌وه پێویستی به هه‌سێکی هاوپشتی و هاریکاری (solidarity) به‌شدارانی هه‌یه و له لایه‌کی دیکه‌شه‌وه، به به‌رهه‌ڵستکاری، ململانی و کێشه‌یه‌ک له گه‌ڵ سیسته‌می فکری و سیاسی سه‌قامگیردا. جووڵانه‌وه، واته ره‌خنه له سیسته‌می جێگیر و نۆرمی زاڵ. هه‌ر به‌م مانایه‌ش گرینگه ئه‌وه‌ش بگووترێ که مه‌به‌ست له گۆڕانکاری مه‌رج نییه هه‌میشه گۆڕانکارییه‌کی چاوێنی له کۆمه‌ڵگا و دامه‌زراوه‌کانی کۆمه‌ڵگادا بێت، به‌ڵکوو ئه‌م گۆڕانکارییه زۆر جاران له ئاستێکی ئاگایی و وشیاریدا روو ده‌دات، واته ئاگایی و مێنتالیته‌ی زاڵ ده‌گۆڕێت. هه‌ڵبه‌ت، دیاره جووڵانه‌وه‌یه‌ک ده‌بێ له ئاستی زه‌مانیشدا به‌رده‌وامییه‌ک له خۆی پێشان بدات و له‌مه‌ش گرینگتر، جووڵانه‌وه‌یه‌ک نابێته داکێشرێته ئاستی هه‌ڵگران و به‌شدارانی ئه‌م. چونکو له حاڵیکدا سنووره‌کانی شوێنیی جووڵانه‌وه‌یه‌ک نادیاره و نابێ داکێشرێته ئاستی پێناسه‌کردنی سنووره‌کانی به‌شدارانی ئه‌م جووڵانه‌وه‌یه، دیاریکردنی سنووره‌کانی گرووپه به‌شداره‌کان له‌وانه‌یه دژوار نه‌بێت. جووڵانه‌وه‌یه‌ک هه‌میشه له پێکهێنه‌رانی خۆی گه‌وره‌تر، به‌هێزتر و به‌رفره‌وانتره. ئه‌گه‌ر به‌شدارن کۆنکرتن وا جووڵانه‌وه خۆی دیارده‌یه‌کی ئابستراکته. به‌م مانایه و به‌تایبه‌ت ئه‌گه‌ر ئێمه له روانگه‌یه‌کی نومینالیستییه‌وه (nominalism) بۆ پرسیاره‌که برۆین، ئه‌وسا هه‌ر وه‌ک مێلووچی جه‌خت ده‌کا، جوولانه‌وه ته‌نیا چه‌مکێکی شێکارانه‌یه (analytical concept) نه‌ک دیارده‌یه‌کی ئه‌زموونی (empirical phenomena) و چاوێنی. زۆر باشه، ئێستا پاش ئه‌م پێناسه‌یه، ئایا ده‌توانین بڵێین که ئێمه له رۆژهه‌ڵاتی کوردستاندا، دیارده‌یه‌کمان به ناوی جووڵانه‌وه‌ی ژنان هه‌یه؟ وه‌ڵام من نه‌رێنییه. نا، من پێموانییه ئێمه بتوانین ئیدیعایه‌کی وا بکه‌ین. چونکو ئیمه ئه‌گه‌ر چی له کوردستاندا کۆمه‌ڵێ رێکخراو و ئه‌نجومه‌ن و بنیاتی جۆراوجۆرمان هه‌یه، به‌ڵام له نێوان ئه‌م گرووپانه‌دا، هاریکارییه‌کی کرده‌وه‌یی ئه‌وتوێ رێکخراو و سیستماتیک نییه؛ ئه‌جێنداکانی ئه‌وان یه‌ک نییه؛ ئه‌وان خاوه‌نی کردێکی رێکخراو و هاوبه‌ش نین؛ ته‌نانه‌ت گرفتێکی هاوبه‌ش و زۆر جاران کێشه‌یه‌کی هاوبه‌شێش پێکه‌وه‌یان گرێ نادات. پێوه‌ندی نێوان ڕێکخراوه سیاسییه‌کانی ژنانی کورد و ناوه‌وه‌ی وڵات فره لاوازه. له ئاستی رێکخراوه‌ییشدا، زۆر جاران ئه‌م پێکهاتانه، زیاتر فۆرمێکی ئیداری‌یان هه‌یه. دیاره ئێمه ژماره‌یه‌کی به‌رچاوی NGOمان هه‌یه، به‌ڵام بوونی هه‌ندێ کۆمه‌ڵه و رێکخراوه به‌ته‌نیا جووڵانه‌وه ساز ناکات. که ده‌ڵێم دیارده‌یه‌ک به ناوی جووڵانه‌وه‌ی ژنان له رۆژهه‌ڵاتی کوردستاندا نییه، حه‌ز ده‌که‌م هاوکات ئه‌وه‌ش بڵێم که له براوه‌ردێکی سه‌رپێی مێژوویی‌دا، کۆمه‌ڵگای کوردی دوای شۆڕش به هۆی جووڵانه‌وه‌یه‌کی به‌رفره‌وانی سیاسی، گۆڕانێکی زۆری به‌سه‌ردا هاتووه و ژنان وه‌ک به‌شێکی به‌رچاو و جددی چالاکییه‌کان و خه‌بات له هه‌موو بواره‌کاندا ده‌وریان گێڕاوه. به‌تایبه‌ت ئێمڕۆ ئێمه بۆ یه‌که‌مجار شایه‌دی سه‌رهه‌ڵدان و سازبوونی ژماره‌یه‌کی زۆر کۆمه‌ڵه‌ی سه‌ربه‌خۆ و رێکخراوی ناحکومین له کوردستاندا. سه‌ره‌ڕای هه‌موو گرفت و له‌مپه‌ره قانوونی و سیاسییه‌کان، ژنان له‌م بیست ساڵانه‌ی دواییدا توانیویانه بۆ یه‌که‌مجار له کوردستاندا، کۆمه‌ڵه و رێکخراوه‌ی تایبه‌تی خۆیان درووست بکه‌ن. ئه‌م دیارده‌یه نه ته‌نیا نابێ به‌که‌م بگرترێ، به‌ڵکو ده‌بێ وه‌ک هێما و نیشانه‌یه‌کی به‌هێزبوونی خولیا (tendence)و سازبوونی زه‌مینه‌کانی جووڵانه‌وه‌یه‌ک ببیندرێت. ئه‌مه هاوکات دابڕینێکه له نه‌ریتێکی زاڵی پیاوساڵار له ژیانی رێکخراوه‌ییدا و هه‌روه‌ها نیشانه‌ی تێگه‌یشتنێکی نوێ و جیاوازه له چه‌مکی سیاسه‌ت و بڕوا به گۆڕانکاری کۆمه‌ڵایه‌تی. به‌ڵام هه‌مووی ئه‌مانه هێمای زه‌مینه‌کان و هه‌نگاوه‌کانی سه‌ره‌تایی پێکهێنانی جووڵانه‌وه‌یه‌کن، نه‌ک جووڵانه‌وه خۆی. ئه‌مانه‌ش هه‌ر وه‌ک گووتم زیاتر به‌رهه‌می ئه‌م ده بیست ساڵه‌ی دوایین. که ده‌ه‌ڕێته‌وه سه‌ر جووڵانه‌وه‌ی ژنانی ئێران، وا ده‌کرێ زۆر به راشکاوی بڵێین که ئه‌م جووڵانه‌وه‌یه‌ش، به‌و پێناسه‌ی که من پێشتر ئاراسته‌م کرد، به‌رهه‌می ئه‌م ساڵانه‌ی دواییه. واته ئه‌گه‌ر چی ده‌کرێ ره‌چه‌ڵه‌کناسی و جینیالۆژی ئه‌م جووڵانه‌وه‌یه بگه‌ڕێنینه بۆ ئه‌و چالاکی و هه‌ولانه‌ی هه‌ر له ناوه‌راسته‌کانی سه‌ده‌ی نۆزده و به‌تایبه‌ت دوای شۆڕشی مه‌شروته له لایه‌ن هه‌ندێ له نوخبه‌کانه‌وه ده‌ستی پێ‌کرد، به‌ڵام ئێمه تا دوو ده‌یه له‌مه‌وبه‌ر شتێکمان به ناوی جووڵانه‌وه‌ی ژنان له ئێران‌دا نه‌بووه. هه‌ر له‌م پێوه‌ندییه‌شدا ده‌بێ ئێمه سه‌یری سه‌رهه‌ڵدانی جموجۆڵ و چالاکی ژنانی کورد بکه‌ین، به‌م جیاوازییه که به هۆی بارودۆخی تایبه‌تی کۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی و ئابووریی کوردستان، ئه‌م چالاکییانه دره‌نگتر ده‌ستیان پێ‌کرد، پانتاییان ته‌سکتر بوو و به‌رده‌وامیشیان که‌متر. پرسیارێک ئه‌وه‌یه که ئه‌گه‌ر ئێمه ده‌توانین به پێچه‌وانه‌ی کوردستان، ده‌سنیشانی بوونی جووڵانه‌وه‌یه‌کی ژنان له ئێران‌دا بکه‌ین، ئه‌وسا ئایا ئه‌م جموجۆڵی و چالاکییانه‌ی له کوردستاندا هه‌ن به‌شێکن له جووڵانه‌وه‌ی ژنانی ئێران یان خود، ده‌ستپێک و سه‌ره‌تاکانی جووڵانه‌وه‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆی ژنانی کورد پێکدێنن؟ ئایا سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌م جموجۆڵ و کۆمه‌ڵه چالاکییانه، پێوه‌ندی به ئاگاییه‌کی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه هه‌یه یان خود ئه‌مانه زیاتر گرێ‌دراو و تابعێکی بارودۆخی تایبه‌تی سیاسی ئێرانن؟ ئاوڕێکی خێرا له جووڵانه‌وه‌ی ژنان یه‌کێ له تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی جووڵانه‌وه‌ی ژنان، به‌تاکمانه‌وه و به‌که‌مگرتنی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی حکومه‌ت، بزووتنه‌وه‌ی چه‌پ و جووڵانه‌وه‌ی لیبراڵی به داواکارییه‌کانی ئه‌وان بووه. واته له حاڵێکدا ژنان یه‌کێ له توێژه به‌شدار و چالاکه‌کانی شۆرش و جووڵانه‌وه‌ی خوێندکاری بوون، له کرده‌وه‌دا، هیچکام له ئه‌جێنداکانی ئه‌وان، نه‌بووه ئه‌جێندایه‌کی سه‌ره‌کی شۆڕش و هه‌ر دوای هاتنه سه‌رکاری حکومه‌تی ئیسلامیش، پرسه‌کانی ئه‌وان له په‌راوێزی ویسته گشتییه‌کاندا بێسه‌روشوێن چوون. زیاده‌ڕه‌وی نابێ ئه‌گه‌ر بڵێین که له‌سبه‌ی رۆژی شۆڕشه‌وه، هیچکام له پرسه سه‌ره‌کییه‌کان، به ئه‌ندازه‌ی پرسی ژنان له لایه‌ن به‌شێکی زۆری هێزه سیاسییه‌کانه‌وه پشتگوێ نه‌خران. دیاره به‌شیک له هێزه سیاسییه‌کانی ئه‌وکاتی ئێران و کوردستان، مه‌سه‌له‌ی داکۆکی له مافی ژنان شوێنێکی گرینگی له سیاسه‌ت و چالاکی ئه‌واندا هه‌بوو. ئه‌م هێزانه به‌ڵام هیچکامیان هێزێکی به‌رچاوی جه‌ماوه‌رییان له ئێران‌دا نه‌بوو. له‌وانه‌یه له‌م نێوه‌دا، "جبهه دمکراتیک ملی ایران" یه‌ک له‌و نموونه ریزپه‌ڕانه بێت که داکۆکییه‌کی پته‌وی له‌م پرسه کرد. له کوردستانیشدا، جیاوازییه‌کی به‌رچاو له نێوان بۆ وێنه حیزبی دێمۆکرات و کۆمه‌ڵه‌دا ده‌بیندرا، به‌ڵام ئه‌م کێشه‌یه له کوردستاندا هیچ ماددییه‌تێکی نه‌بوو، چونکو حکومه‌ت ده‌سه‌ڵاتێکی له کوردستاندا نه‌بوو تا بتوانێ ئه‌م یاسا نوێیه به‌ڕیوه به‌رێت. هاوکاتیش هێرشی کۆماری ئیسلامی بۆ کوردستان هه‌موو جموجۆلییه‌کی کوردستانی خسته ژێر تاوی ئه‌م رووداوه. سه‌رکوت و خستنه‌پراوێزی ژنان که سێ هه‌فته دوای شۆڕش ده‌ستی پێ‌کرد، یه‌ک له‌و پرسیارانه بوو که له لایه‌که‌وه زه‌مینه‌ی سه‌رکوتی جووڵانه‌وه‌کانی دیکه‌ی مه‌یسه‌ر کرد و، له لایه‌کی دیکه‌شه‌وه، نیشانی دا که به‌داخه‌وه پرسی ژن و مافی ژنان لای زۆربه‌ی هێزه سیاسییه به‌رچاوه‌کانی ئه‌وکاتی ئێران، پرسێکی جددی و شیاوی داکۆکی نه‌بوو. له ئیسلامییه‌کانی حکومه‌تی وه‌ک "طالقانی"یه‌وه گرتوویه‌تی تا ئه‌وانه‌ی ده‌ره‌وه‌ی حکومه‌ت، وه‌ک "شریعتمداری"، له هێزه چه‌په‌کانی وه‌ک "راه کارگر" و تا سازمان چریکهای فدایی"، گرتوویه‌تی تا "حزب توده" و لیبراله‌کانی ناو حکومه‌ته گرتوویه‌تی تا "جبهه ملی" هیچکامیان له ئاستی سه‌رکووتی ژنان و کپکردنیان هه‌ڵوێستێکی جددییان نه‌گرت و به هیندیان دانه‌نا. سه‌رنجراکێش ئه‌وه‌یه که سه‌رۆکان و ئایدیۆلۆگه‌کانی حکومه‌تی ئسیلامی (له شریعتی، خمینی و طالقانی تا ئه‌وانی دیکه)، ئه‌گه‌ر له سه‌ره‌تادا سه‌باره‌ت به ئازادییه سیاسییه‌کان، له روانگه‌یان سه‌باره‌ت به چه‌په‌کان، له روانینیان به پرسی نه‌ته‌وه‌ییدا درۆیان کرد و هه‌ڵوێستێکی زۆر پراگماتیستییان گرت، وا سه‌باره‌ت به پرسی ژنه‌وه، سه‌ره‌ڕای هه‌ندێک درۆ، به گشتی هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه به ڕاشکاوی رایانگه‌یاند له کوێ راوه‌ستاون، به‌ڵام ئه‌م هه‌ڵوێستانه هیچکات به‌ئه‌ندازه کافی به مه‌ترسیدار له قه‌ڵه‌م نه‌دران. لای ئه‌م هێزانه، خه‌بات بۆ رزگاری چینایه‌تی، نه‌ته‌وایه‌تی یان خه‌باتی دژی ئه‌مپریالیستی له پرسی رزگاری و ئازادی ژنان گرینگتر بوو. سه‌رنجراکێش ئه‌وه‌یه که سه‌رۆکان و ئایدیۆلۆگه‌کانی حکومه‌تی ئسیلامی (له شریعتی، خمینی و طالقانی تا ئه‌وانی دیکه)، ئه‌گه‌ر له سه‌ره‌تادا سه‌باره‌ت به ئازادییه سیاسییه‌کان، له روانگه‌یان سه‌باره‌ت به چه‌په‌کان، له روانینیان به پرسی نه‌ته‌وه‌ییدا درۆیان کرد و هه‌ڵوێستێکی زۆر پراگماتیستییان گرت، وا سه‌باره‌ت به پرسی ژنه‌وه، سه‌ره‌ڕای هه‌ندێک درۆ، به گشتی هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه به ڕاشکاوی رایانگه‌یاند له کوێ راوه‌ستاون، به‌ڵام ئه‌م هه‌ڵوێستانه هیچکات به‌ئه‌ندازه کافی به مه‌ترسیدار له قه‌ڵه‌م نه‌دران. دوای سه‌رکووتی ئێعترزاتی ژنان له سه‌ره‌تای شۆڕش، نزیک به بیست ساڵی پێچوو تا ژنان دووباره، به‌ڵام ئه‌مجاره وه‌ک جووڵانه‌وه‌یه‌کی تازه‌له‌دایکبوو و به هێزێکی زیاتر و به بنه‌مایه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی به‌رفره‌وانتره‌وه، بێنه‌وه مه‌یدان. به‌م چه‌شنه ده‌کرێ بڵێین جووڵانه‌وه‌ی ژنان، وه‌ک جووڵانه‌وه‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆ، به‌ر له هه‌موو شت به‌رهه‌می دوای شۆڕش و یان درووستتره بڵێین دوای کۆتایی شه‌ڕی ئێران و عێراق و ده‌یه‌ی نه‌وه‌ده. ره‌نگبێ ده‌رچوونی گۆڤاری "زنان" له ساڵی ١٩٩٢، هێمایه‌کی خویا بێت بۆ ده‌ستنیشانکردنی رێژه‌یی رێکه‌وتێکی له‌دایکبوونی جووڵانه‌وه‌که (که ئه‌مه‌ش هه‌ڵبه‌ت هاوکاتیش بوو له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدانی گوتارت فێمینیسمی ئیسلامی). چۆنییه‌تی ئه‌م گۆڕانکارییه هه‌م ئاڵۆزه و هه‌میش له مه‌جالی ئه‌م کوتاره وتاره‌دا نییه، به‌ڵام حه‌ز ده‌که‌م ئاماژه به یه‌کێ له‌م هۆکارانه بکه‌م که به بڕوای من ده‌ورێکی گرینگی له سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌م ڕه‌وته نوێیه‌دا هه‌بووه. ئه‌ویش به بڕوای من گۆڕینی رێژه‌یی ناوه‌رۆکیی جووڵانه‌وه‌ی ژنانی ئێران بوو له جووڵانه‌وه‌یه‌کی به ناوه‌رۆکی حقوقییه‌وه به جووڵانه‌وه‌یه‌کی خویاتری سیاسییه‌وه. ره‌نگبێ سازدان و ده‌ستپێکردنی به‌شه جیاوازه‌کانی "مطالعات زنان" له زانستگاکانی نموونه‌یه‌کی باش بێت بۆ ده‌ستنیشانکردنی ئه‌م گۆڕانکارییه. که دێته سه‌ر رۆژهه‌ڵاتی کوردستان، ئێمه پێشتر هیچکات خاوه‌نی جووڵانه‌وه‌یه‌کی ژنان نه‌بووین. چالاکی و به‌شداری ژنان له سیاسه‌ت و له بواره کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا، پاشکۆیه‌کی سیاسه‌تی حیزبی یان خود به‌شێکی جووڵانه‌وه‌یه‌کی گه‌وره‌تر بووه که هیچ پێناسه‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆی فێمینیستی پێوه دیار نه‌بووه. ئه‌زموونی دوای ١٩٧٩ له کوردستاندا، رێگه‌ی بۆ به‌شداری هه‌راوی ژنان له جووڵانه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و خه‌بات له دژی کۆماری ئیسلامی کرده‌وه و بۆ یه‌کمجار، به تایبه‌ت لای هێزه چه‌په‌کاندا، کۆمه‌ڵانێکی به‌رچاوی ژنان به‌شداری راسته‌وخۆی کاری رێکخراوه‌یی، پێشمه‌رگایه‌تی و سیاسی‌یان کرد و کادرێکی نوێی ژنانی سیاسی له کوردستاندا ساز بوو. به‌ڵام ئه‌مانه‌ش سه‌ره‌ڕای هه‌موو ته‌ئسیر و کارتێکه‌رییان له سه‌ر پرسی ژن، ئه‌م پرسه‌یان ته‌نیا له چوارچیوه‌ی سیاسه‌ت و رۆژه‌ڤێکی گشتیتری سیاسی‌دا سه‌یر ده‌کرد. واته ئه‌م به‌شدارییه وه‌ک پاشکۆیی خه‌باتێکی گشتی بوو که له‌ودا پرسی تایبه‌ت و ویسته‌کانی ژنان هیچ ته‌وه‌رێکی تایبه‌تی پێک نه‌ده‌هێنا. له پاڵ ئه‌مه‌ش ده‌بێ دان به‌وه‌دا بنێین که به‌شێکی چالاکی ئه‌وانه‌ی له کوردستاندا چالاکی سه‌ربه‌خۆی ژنانیان وه‌رێخست، په‌روه‌رده‌ی ئه‌و حیزبه سیاسییانه، به‌تایبه‌ت هێزه چه‌په‌کان، بوون. له‌م بیست ساڵه‌ی دواییشدا، ئاڵوگۆڕێکی به‌رچاو له دێمۆگرافی کوردستان و هه‌روه‌ها له مێنتالیته‌ی خه‌ڵکدا پێکهاتووه. خودی په‌راوێزخستنی ژنان له لایه‌ن کۆماری ئیسلامی و ده‌رهاوێژتنی ئه‌وان له بواره گشتییه‌کاندا، له کرده‌وه‌دا دژکردی خۆی هه‌بوو و به‌شێ له ئه‌نجامه‌کانی، به‌پێچه‌وانه‌ی مه‌به‌سته سه‌ره‌تاییه‌کانی کاربه‌ده‌ستانی حکومه‌ت ته‌واو بوو. هه‌ر ئاماژه‌یه به‌مه کافییه که ئێمڕۆ رێژه‌ی خوێندکارانی ژنی زانستگاکان له شه‌ست له‌سه‌د تێپه‌ربووه. ئێمه چۆن ده‌توانین له‌م جموجۆڵ و چالاکییه به‌رفره‌وانه تێبگه‌ین که له‌پڕ له‌م ده بیست ساڵانه‌ی دواییدا سه‌ری هه‌ڵداوه؟ چۆن بوو له پڕ ده‌یان NGOی ژنان و ده‌یان رێکخراو و کۆمه‌ڵه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی، فه‌رهه‌نگی، حقوقی و سیاسی له‌دایک بوون؟ من پێموایه ده‌کرێ زۆر به سه‌رپێیی و خێرایی ئاماژه به چه‌ند ماکی گرینگ بکه‌ین. یه‌که‌م: سیاسه‌تی کۆماری ئیسلامی که سیاسه‌تێکی ته‌واو په‌راوێزخه‌رانه بوو له‌مه‌ر ژنان، ناته‌باییه‌کی به‌رچاوی هه‌بوو له گه‌ڵ ئه‌نجامی ئاڵوگۆڕه‌کان و به‌تایبه‌ت گۆڕانی باری دێمۆگرافی کوردستان و ڕێژه‌ی باڵای خوێنده‌واری ژنان له کوردستاندا. دووه‌م: کێشه‌ی رۆژانه‌ی ژنان له گه‌ڵ حکومه‌تی ئیسلامی و رێساکانی زاڵ به‌سه‌ر ده‌ستوور و کۆمه‌ڵگادا. ئه‌م کێشه‌یه ئه‌گه‌رچی هه‌میشه کێشه‌یه‌کی سیاسیی بووه، به‌ڵام ده‌یتوانی و توانیشی، له قاوغێکی زیاتر حقوقیدا بێته مه‌یدان و ره‌نگێکی حقوقیش له داواکارییه‌کانی بدات. ئه‌مه‌ش سه‌ره‌ڕای هه‌موو نه‌یاری و ته‌گه‌ره‌ی حکومه‌تی، ته‌حه‌مولی هاسانتر بوو. سێیه‌م: ونبوونی رێکخراوه سیاسییه‌کان له مه‌یدانی چالاکی ناو وڵات و هه‌روه‌ها له کرده‌وه‌دا، گوێپێنه‌دان و بایه‌خپێنه‌دانی ئه‌و هێزه سیاسییانه به پرس و گرفته رۆژانه‌کانی ژنان، ئه‌وانی ناچار کرد، تا به‌دوای فۆرم و شێوه چالاکی تازه‌تردا بکه‌ون. چواره‌م: کرانه‌وه‌یه‌کی رێژه‌یی که‌شی سیاسی له ئێران له دوای شه‌ڕ و به‌تایبه‌ت دواتر له ده‌وره‌ی سه‌رۆک کۆماری خاته‌میدا. ئه‌م که‌شه، مه‌یدانی بۆ کاری مه‌ده‌نی زیاتر فه‌راهه‌م کرد. دوای شه‌ر زه‌مینه‌ی زۆر له‌و بیانووانه ته‌واو بوو که ژنیان له ماڵه‌وه ده‌به‌سته‌وه و ئه‌م ناره‌زایه‌تییه هه‌ر بۆیه له ناو خودی ژنانی لایه‌نگری حکومه‌تیشه‌وه ده‌ستی پێ‌کرد و سه‌ره‌تای سازبوونی ئه‌و ئاراسته‌یه بوو که به فێمینیزمی ئیسلامی ناوبانگی ده‌رچوو. پێنجه‌م: پێوه‌ندی زۆر به‌رفره‌وانتری خه‌ڵکی ناوه‌وه و ده‌ره‌وه‌ی وڵات، له‌وان سه‌ردانی ژنانی ده‌ره‌وه‌ی وڵات و پێوه‌ندییه‌کی به‌هێزتری نێوان ژنانی کوردستان و ئوروپا و، له لایه‌کی تریشه‌وه په‌ره‌سه‌ندنی ته‌کنۆلۆژی نوێ، ئینترنێت و به گشتی هاوپێوه‌ندییه ته‌کنیکییه نوێیه‌کان و به‌م پێیه‌ش ئاڵوگۆڕێکی زیاتر و نزیکتری ئه‌زموونی له نێوان ژنانی ناوه‌وه و ده‌ره‌وه‌ی وڵات ده‌ورێکی که‌می له‌م ره‌وته‌دا نه‌بوو. شه‌شه‌م: چالاکانی ژن له‌م ده‌وره‌یه‌دا، پێوه‌ندییه‌کی به‌هێزیان به رێکخراو و کۆمه‌ڵه جیاوازه‌کانی ژنانی ئێرانه‌وه هه‌بوو و به‌شێکی به‌رچاوی چالاکانی کوردیش هه‌ر ئێستاش له شاره گه‌وره‌کانی ده‌ره‌وه‌ی کوردستاندا ده‌ژین. بۆیه‌ش، ئه‌م ره‌وته له کوردستاندا له پێوه‌نده‌ی له‌گه‌ڵ ره‌وتی سازبوونی جووڵانه‌وه‌ی ژنانی ئێران‌دا پێکهات و پێوه‌ندی به پرسی نه‌ته‌وه‌یی و جووڵانه‌وه‌ی ناسیۆنالیستی یان هه‌ر نه‌بوو، یان فره لاواز بوو. که‌وایه زه‌حمه‌ته ئێمه جموجۆڵی و چالاکییه حقوقی، کۆمه‌ڵایه‌تی، فه‌رهه‌نگی و سیاسی ژنان له‌م دوو ده‌یه‌ی دواییدا، وه‌ک پاشکۆ، یان تابعێکی جووڵانه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی له قه‌ڵه‌م بده‌ین. من پێشتر ئاماژه‌م به به‌شێک له‌م هۆکارانه کرد، به‌ڵام ده‌کرێ دیسان باسی ئه‌وه‌ش بکه‌ین که: یه‌که‌م: حیزبه سیاسییه‌کان له‌م قۆناغه‌دا که جووڵانه‌وه‌ی ژنان سه‌ریان هه‌ڵدا، نه‌ته‌نیا هیچ ئاماده‌ییه‌کی چالاکانه و ته‌نانه‌ت فیزیکیان له ناو وڵات‌دا نه‌بوو، به‌ڵکو به شێوه‌ی جیاوازیش دژایه‌تی سه‌رهه‌ڵدان و به‌هێزبوونی ئه‌م جووڵانه‌وه نوێیه و سازبوونی رێکخراوه ناده‌وڵه‌تییه‌کانیان ده‌کرد و به گومانه‌وه سه‌یریان ده‌کردن و له باشترین حاڵه‌تدا، پێیان وانه‌بوو ئه‌م چالاکییانه هیچ ده‌ورێکی گرینگی سیاسی بگێڕن. دووه‌م: ماکێکی سه‌ره‌کی و گرینگی ئه‌م جووڵانه‌وه‌یه له ئاستی گوتاری ماف، گوتاری شاروه‌ندی و داخوازی کۆمه‌ڵگایه‌کی مه‌ده‌نیدا ده‌بێ پێناسه بکرێت، که ئه‌م گوتارانه، نه‌ته‌نیا له گوتاری ناسیۆنالیزم دوور بوون، به‌ڵکوو بگره زۆر جارانیش وه‌ک دژی ئه‌م گوتاره له قه‌ڵه‌م دراون. سێیه‌م: داخوازییه‌کانی ژنان و بواری هێنانه‌ئاڕای ئه‌م داخوازییانه به‌ر له هه‌موو شت و به‌تایبه‌ت له کۆتایی نه‌وه‌ده‌کاندا، له ئاستی مه‌یدانی و ژیانی رۆژانه‌ی ژناندا بوو و به تایبه‌تی ره‌هه‌نده جیاواز و ئه‌نجامه‌کانی یاسایی ژیانی ئه‌وانی له کۆمه‌ڵگا و خێزاندا ده‌گرته‌وه. ئه‌م پرسانه، پرسی میرات، مافی سه‌رپه‌رشتی منداڵ، مافی جیابوونه‌وه، مافی کار له هه‌ندێ بواردا و هتد بوون که ده‌که‌وتنه ده‌ره‌وه‌ی گوتاری سیاسی حیزبه‌کان و ته‌نانه‌ت ده‌ره‌وه‌ی تێگه‌یشتنی زاڵ له سیاسه‌ت. به واته‌یه‌کی دیکه، ئه‌م داواکارییانه، کۆنکریت بوون و ماکێکی ئابستراکت یان گشتییان پێوه دیار نه‌بوو. که‌وایه زۆربه‌ی داواکارییه‌کانی ژنان له کۆتایی نه‌وه‌ده‌کان، له خانه‌ی یه‌کسانی حقوقی و گۆڕانی یاسادا بوون. له به‌راوردێکی مێژوویی‌دا، ده‌کرێ بڵێین، ئه‌م ویستانه سه‌ر به قۆناغ یان شه‌پۆلی یه‌که‌می فێمینیزم بوون. دواتر له‌م ده‌ساڵه‌ی ڕابردوودا ده‌کرێ بڵێین، داواکاری یه‌کسانی حقوقی به‌ره‌به‌ره گۆڕاوه به داواکاری یه‌کسانی سیاسی. ئه‌وه هه‌ر له‌م قۆناغه‌شدایه که چالاکی ژنانی کورد به‌ره به‌ره سیمایه‌کی زیاتر "کوردی" به‌خۆیه‌وه گرتووه. چۆنییه‌تی ئه‌م گۆڕانکارییه هه‌م ئاڵۆزه و هه‌میش له مه‌جالی ئه‌م کوتاره وتاره‌دا نییه، به‌ڵام حه‌ز ده‌که‌م ئاماژه به یه‌کێ له‌م هۆکارانه بکه‌م که به بڕوای من ده‌ورێکی گرینگی له سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌م ڕه‌وته نوێیه‌دا هه‌بووه. ئه‌ویش به بڕوای من گۆڕینی رێژه‌یی ناوه‌رۆکیی جووڵانه‌وه‌ی ژنانی ئێران بوو له جووڵانه‌وه‌یه‌کی به ناوه‌رۆکی حقوقییه‌وه به جووڵانه‌وه‌یه‌کی خویاتری سیاسییه‌وه. ره‌نگبێ سازدان و ده‌ستپێکردنی به‌شه جیاوازه‌کانی "مطالعات زنان" له زانستگاکانی نموونه‌یه‌کی باش بێت بۆ ده‌ستنیشانکردنی ئه‌م گۆڕانکارییه. هه‌ر له‌م ده‌وره‌یه‌شدا بوو که مه‌سه‌له‌ی جیاوازی"difference"، که تایبه‌ته به شه‌پۆلی سێیه‌می فێمینیستییه، له ئێران و کوردستانیشدا، که‌وته به‌ر باس. ئه‌مجاره باس له‌وه بوو که ئایا ماف و داواکارییه‌کانی ژنان ده‌کرێ بخرێته یه‌کخانه‌ی تایبه‌تییه‌وه، یان ژن، وه‌ک دیارده‌یه‌کی گشتی بوونی نییه و بۆیه‌ش ده‌بێ سه‌رنجی پێناسه جیاوازه‌کان و ماکه پێکهێنه‌ره‌کانی ئه‌م ژنه گشتییه دابه‌زێته سه‌ر ژنی کۆنکرێت. واته ئێمه ده‌بێ باسی ژن به پاشخانی کۆمه‌ڵایه‌تی، ئێتنیکی و ئابووری جیاواز بکه‌ین. له‌م ده‌وره‌یه و له درێژه‌ی ئه‌م ره‌وته‌شدا بوو، که به بڕوای من به‌شێکی به‌رچاوی رێکخراو و کۆمه‌ڵه‌کانی ژنان له کوردستاندا، سیامه‌یه‌کی نه‌ته‌وه‌یی دیارتریان به خۆیانه‌وه گرت. له‌م قۆناغه‌دا، به‌شێکی زۆری ئه‌و رێکخراو و کۆمه‌ڵانه‌ی له کوردستاندا، به‌تایبه‌ت له سنه و ده‌ورانپشتی، ئاشکراتر له جاران، ژن‌بوون و کوردبوونیان به‌یه‌که‌وه ئامێته کرد. ئه‌م ره‌وته هه‌ڵبه‌ت به‌داخه‌وه به‌و هه‌راوییه‌ی پێشووی، که‌مته‌مه‌ن بوو و به تووندی که‌وته ژێر سه‌رکووتی رژێمی کۆماری ئیسلامی و به‌شێکی به‌رچاوی کارگێڕانی ئه‌م ره‌وته یان که‌وتنه زیندان و یان وڵاتیان به‌جێ هێشت و یانیش به شێوه‌یه‌ک چوونه ناو رێکخراوه و چالاکییه سه‌رانسه‌رییه‌کانی ژنان، له‌وان که‌مپه‌ینی یه‌ک میلیۆن واژۆ. به کورتی ده‌بێ بڵێین که پێوه‌ندی ژنانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان به جووڵانه‌وه‌ی ژنانی ئێرانه‌وه به‌هێزتر بووه و ئه‌وان خۆیان زیاتر وه‌ک به‌شیک له‌م جووڵانه‌وه‌یه پێناسه کردووه تا به‌شێک له جووڵانه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی. به‌ڵام هه‌ر وه‌ک گووتم، ئه‌م گرێدراوییه به پێناسه‌ی نه‌ته‌وه‌یی له‌م دواییانه‌دا به‌هێزتر بوو، به‌ڵام تا ئێستا نه‌گه‌یشتووه‌ته پێوه‌ندییه‌کی ئه‌وتوێی دیار و به‌رچاو به جووڵانه‌وه‌ی سیاسیی نه‌ته‌وه‌یی کورده‌وه. مه‌سئولیه‌تی به‌شێک له‌م پێوه‌ندییه لاوازه‌ش له ئه‌ستۆی جووڵانه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌ییه. به کورتی چالاکی و جموجۆڵی ئێستای ژنانی کورد ناکرێ له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و پاشخان و زه‌مینه سیاسی، فکری، کۆمه‌ڵایه‌تییانه ببیندرێ که جووڵانه‌وه‌ی ژنانی ئێران سه‌ری تێدا هه‌ڵداوه. به‌م پێیه‌ش ژنانی کورد وا پێده‌چێت به‌شیک له‌م جووڵانه‌وه بن و هه‌ر له خانه‌ی ئه‌م جووڵانه‌وه‌یه‌شدا شیاوی شیکردنه‌وه و هه‌ڵسه‌نگاندن بن. هاوکات ئێمڕۆ ماکی نه‌ته‌وه‌یی له‌م جووڵانه‌وه‌یه‌دا له به‌راورد له‌گه‌ڵ بیست ساڵ له‌مه‌وبه‌ر زۆر به‌رچاوتره، به‌ڵام ئه‌مه ته‌نانه‌ت ره‌وتی چاکخوازی کورده‌کانیش و لایه‌نه‌کانی دیکه‌ش ده‌گرێته‌وه. ده‌کرێ بڵێین گوتاری نه‌ته‌وه‌یی به گشتی به‌هێزتر بووه و ئه‌مه‌ش ده‌بێ هۆکاره‌کانی له ده‌ره‌وه‌ی هێزه سیاسییه‌کانی نه‌ریتییه‌کانی کوردی رۆژهه‌ڵاتی کوردستاندا بدۆزینه‌وه، له‌وان له ره‌وتێکی به‌جیهانیبوون، و هه‌روه‌ها له کاتێکه‌ری جووڵانه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی باشووری کوردستان و تا راده‌یه‌کیش چالاکییه‌کانی پارتی ژیانه‌وه‌ی کوردستان. پرسی ژنان له دۆخی ئێستادا ئێمڕۆ کێشه‌ی ژنانی کورد دوو بوار به خۆیه‌وه ده‌گرێت. له لایه‌که‌وه پرسی ژنان له جووڵانه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی کوردی‌دا و له لایه‌کی دیکه‌شه‌وه، ئه‌م پرسه له ئاست جووڵانه‌وه‌ی سه‌وزدا. به بڕوای من تا ئێستا جیاوازییه‌کی زۆر بنه‌مایی و ناوه‌رۆکی له نێوان هه‌ڵسوکه‌وتی ئه‌م دوو جووڵانه‌وه‌یه له‌مه‌ر پرسی ژناندا نه‌بووه. که ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر پرسی ژنان له جووڵانه‌وه‌ی کوردی‌دا، وا ئه‌م پرسه هه‌میشه له ئاستی درووشم و رێتۆریکی سیاسی‌دا ئاماده‌یی هه‌بووه، به‌ڵام له بنه‌ڕه‌تدا، کاریگه‌رێکی کرده‌وه‌یی و ده‌ستکه‌وتێکی به‌رچاوی کرده‌وه‌یی نه‌بووه، به‌تایبه‌ت که ئه‌م هێزانه‌ی که پرسی ژنیان به گریبگتر گرتووه، ده‌رفه‌ت و بواری کاریان له ناو وڵات‌دا نه‌بووه. که‌وایه، سیاسه‌ت و ته‌ئسیری جووڵانه‌وه‌ی کورد له‌سه‌ر پرسی ژنان، زیاتر هێمایی بووه تا واقعی. له لایه‌کی دیکه‌شه‌وه، پرسی ژنان لای هێزه سیاسییه‌کان زۆر جاران داکێشراوه‌ته ئاستی ئه‌مرازێک بۆ دژایه‌تی له‌گه‌ڵ سیاسه‌ته‌کانی دژی ژنانی حکومه‌تی ئێران و که‌متر وه‌ک گرفتێکی ساختاری و کێشه‌یه‌کی کۆمه‌ڵگای کورده‌واری ئاوڕی لێدراوه‌ته‌وه. که ده‌گه‌ڕیته‌وه سه‌ر جووڵانه‌وه‌ی سه‌وز وا له دوو ڕووه‌وه ئه‌مانه گرفتیان به یه‌که‌وه هه‌یه. (له هه‌ڵبه‌ت من لێره ته‌نیا له ئاستێکی شیکارییانه، جووڵانه‌وه‌ی ژنان و جووڵانه‌وه‌ی سه‌وز لێک جیا ده‌که‌مه‌وه، چونکو به‌شێکی گرینگی جووڵانه‌وه‌ی سه‌وز له جووڵانه‌وه‌ی ژنان پێکهاتووه.) یه‌که‌م وه‌ک به‌شێک له جووڵانه‌وه‌ی ژنان. تا ئێستا له لایه‌ن جووڵانه‌وه‌ی سه‌وز هیچ گرینگییه‌کی تایبه‌ت به داواکاری و پێگه‌ی ژنان نه‌دراوه. مامله‌ی جووڵانه‌وه‌ی سه‌وز له‌گه‌ڵ جووڵانه‌وه‌ی ژنان، مامله‌یه‌کی ناڕه‌وا بووه، چونکو سه‌ره‌ڕای به‌شداری به‌رچاو و سه‌ربه‌خۆی ژنان له جووڵانه‌وه‌ی سه‌وزدا، هێشتا ئه‌جێنداکانی تایبه‌تی ژنان شوێنێکی به‌رچاوی له پلاتفۆرم و گه‌ڵاڵه سیاسییه‌کانی ئه‌م جووڵانه‌وه‌یه‌دا نه‌بووه. له‌م روویه‌وه، گه‌ڵاڵه سیاسییه‌کان تا ئێستا سیمایه‌کی دیاری پیاوسالارانه‌یان هه‌بووه. گرفتی دووه‌م پێوه‌ندی به ره‌هه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی پرسی ژنان له کوردستانه‌وه هه‌یه، که له‌م روویه‌شه‌وه تا ئێستا گوتاری زاڵ به‌سه‌ر جووڵانه‌وه‌ی سه‌وزدا، گوتارێکی ناوه‌ندگه‌را بووه و مه‌سه‌له‌ی نه‌ته‌وه‌یی به هێچ چه‌شنێ له لایه‌ن جووڵانه‌وه‌ی سه‌وزه‌وه ئاماژه‌ی پێنه‌دراوه و وه‌ک گرفێکی جددی سه‌یری نه‌کراوه. به‌شێک له به‌شدارانی جووڵانه‌وه‌ی سه‌وز مه‌سه‌له‌ی یه‌کێتی جووڵانه‌وه‌که، ده‌که‌نه بیانوویه‌ک بۆ پشتگوێخستنی داواکارییه‌کانی ژنان. لای ئه‌وان ئه‌م داواکارییانه له خانه‌ی جیکڵدانه‌ی ئێستای جووڵانه‌وه‌که‌دا نییه و ناوه‌رۆکێکی په‌ڕگیری هه‌یه و، بۆیه‌ش پێیان وایه ده‌بێ به ئیحتیاته‌وه مامله‌ی له‌گه‌ڵ بکرێت و زۆر زه‌ق نه‌کرێته‌وه. به‌شێکی دیکه‌ی جووڵانه‌وه‌که‌ش، روانینیان به مه‌سه‌له‌ی ژنان تا ئێستاش له زۆر رووه‌وه ناته‌بایه له گه‌ڵ ویست و داواکارییه‌کانی جووڵانه‌وه‌ی ژنان. به کورتی، ئێمڕۆ ژنانی کورد، به بڕوای من، ده‌شێ هاوکات له‌گه‌ڵ پێداگری له‌سه‌ر داواکارییه‌کانی خۆیان و هه‌ولدانیان له پێناو رادیکالیزه‌کردنی جووڵانه‌وه‌که، ئه‌م پرسه به شێوه‌یه‌کی پته‌وتر به جووڵانه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و پرسی نه‌ته‌وه‌یی گرێ بده‌ن. پرسی ژنانی کورد دیاره له ده‌ره‌وه‌ی پرسی نه‌ته‌وه‌یی کورد نییه و هه‌ر بۆیه‌ش ژنان ده‌بێ له‌م ئاسته‌شدا هه‌ول بده‌ن ئه‌جێنداکانی خۆیان بکه‌ن به به‌شێک له ئه‌جێندای جووڵانه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و وه‌ک به‌شێک له‌م جوولانه‌وه‌یه، به‌ڵام هاوکات به هه‌ندێ داواکاری تایبه‌تی خۆیانه‌وه، له‌گه‌ڵیدا بن. دیاره بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م جمۆجۆڵییه قه‌واره‌ی جووڵانه‌وه‌یه‌ک به خۆیه‌وه بگرێ، گرینگه که هه‌موو به‌شه‌کانی بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی هه‌ول بده‌ن پرس و داواکارییه‌کانی ژنان به به‌شێکی سه‌ره‌کی پرسه‌کانی خۆیان و وه‌ک به‌شێکی جیانه‌کراوه‌ی مافی نه‌ته‌وه‌یی دابنێن. ئه‌وسا ئه‌م جمۆجۆله بۆی هه‌یه ببێته جووڵانه‌وه‌یه‌ک و ده‌ورێکی زۆر به‌رجه‌سته‌تر له جووڵانه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌ییدا یاری بکات و به‌م چه‌شنه‌ش، وه‌ک جووڵانه‌وه‌یه‌کی به‌هێزتر و وه‌ک به‌شێک له جووڵانه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی، ره‌نگ و ڕوو و ناوه‌رۆکی جووڵانه‌وه‌ی سه‌وز به سودی خۆیان تووشی گۆڕان بکه‌ن. ستۆکهۆلم، ٥ مارس ٢٠١٠ ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ تێبینیی نووسه‌ر: ئه‌م وتاره له سیمیناری یه‌کرۆژه به بۆنه‌ی هه‌شتی مارس پێشکه‌ش کرا. ئه‌م سیمیناره رۆژی شه‌ممۆ ٦ی مارس به هاوکاری یه‌کێتیی ژنانی دێمۆکراتی کوردستان له زانستگه‌ی ستۆکهۆڵم به‌ڕێوه‌چوو. تێىینیی رێنێسانس؛ ئه‌و وتاره له‌وانه‌یه له هێندێک سایتی دیکه‌دا بڵاوکرابێته‌وه، به‌ڵام به‌هۆی بایه‌خی باسه‌که ئێمه‌ش بڵاومان کرده‌وه. هه‌روه‌ها مافی له چاپدانی وتاره‌که له لایه‌ن نووسه‌ره‌وه دراوه به رێنێسانس. |