که‌سایه‌تیی سیاسی ـ ئایینیی کورد شێخ عیزه‌دینی حوسه‌ینی، له لێدوانێکی نووسراودا که نموونه‌یه‌کی بۆ (رێنێسانس نیوز) ره‌وانه کردووه، وێرای ئیدانه‌کردنی هێرشی پۆلیسی بێلژیک بۆ سه‌ر "رۆژ تی ڤی" داوا له هاووڵاتیانی کورد ده‌کا پشتیوانیی له‌و که‌ناڵه کوردییه بکه‌ن. حوسه‌ینی، سه‌باره‌ت به سیاسه‌ته‌مه‌دارانی گیراویش رایده‌گه‌یه‌نێ که " ئه‌گه‌ر تاوانێکیشیان هه‌بێت، ... خه‌بات و پشتگیری له مافی ره‌وای گه‌له‌که‌یان به شێوه‌یه‌کی زۆر شێلگیرانه و له‌و پێناوه‌شدا تووشی گیروگرفتی زۆر، زیندان و ده‌ربه‌ده‌ریش بوونه‌ته‌وه." ده‌قی لێدوانه‌که به‌بۆنه‌ی هێرشکردنه سه‌ر کاناڵی ته‌له‌ڤیزیۆنی رۆژ تی‌ڤی به‌نێوی خودای گه‌وره و به‌خشنده هێڕشی پۆلیسی وڵاتی به‌لژیک بۆ سه‌ر ستودیۆکان و کارمه‌ندانی کاناڵی ته‌له‌ڤیزیۆنی رۆژ به توندی مه‌حکووم ده‌که‌م. ئه‌م کاره ناشیرینه له‌کاتێکدا که باجدانێکه به حکوومه‌تی تورکیا و بۆ پێخۆشبوونی ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌و وڵاته‌یه که مافه‌کانی ره‌وای گه‌لی کورد به ره‌سمی ناناسن، له‌هه‌مان‌کاتدا دژایه‌تیکردنه له‌گه‌ڵ ئازادی راده‌ربڕین و دیموکراسی و سه‌ربه‌ست‌بوونی ده‌زگاکانی راگه‌یاندن. له‌و کرده‌وه دزێوه‌ی پۆلیسی به‌لژیکدا که‌سانێک ده‌ستگیرکراون که ره‌نگه ئه‌گه‌ر تاوانێکیشیان هه‌بێت، تاوانه‌که‌یان بریتی بێت له خه‌بات و پشتگیری له مافی ره‌وای گه‌له‌که‌یان به شێوه‌یه‌کی زۆر شێلگیرانه و له‌و پێناوه‌شدا تووشی گیروگرفتی زۆر، زیندان و ده‌ربه‌ده‌ریش بوونه‌ته‌وه. گومان له‌وه‌دا نییه که ئه‌م کاناڵه ساڵه‌های ساڵه به‌و په‌ڕی دڵسۆزییه‌وه خه‌باتی کردووه بۆ پشتگیری کردن له بزووتنه‌وه‌ی ئازادیخوازانه‌ی گه‌لی کورد و هه‌روه‌ها بووته هۆی په‌ره‌پێدانی زمان و فه‌رهه‌نگ و ئه‌ده‌بی کوردی. هه‌ربۆیه ئه‌رکی سه‌رشانی هه‌موو کوردێکی دڵسۆزه به‌گشتی و هه‌موو ئینسانێکی لایه‌نگری مافی مرۆڤ به‌تایبه‌تی که به‌رامبه‌ر به‌م هێرشه‌ی پۆلیسی به‌لژیک بووه‌ستێت و پشتیوانی له به‌رێوه‌به‌ران و کارمه‌ندانی کاناڵی رۆژ تی‌ڤی رابگه‌یه‌نێت. هیوادارم به‌یارمه‌تی هه‌موو لایه‌ک بتوانین پیلانه جۆراوجۆره‌کانی داگیرکه‌ران و نه‌یارانی گه‌لی کورد پووچه‌ڵ بکه‌ینه‌وه. شێخ عێزه‌دینی حوسه‌ینی 15ی ره‌شه‌مه‌ی ساڵی 1388 /6ی مارسی 2010 |